ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: توێژینگەی ئەمریکەن ئینتێرپرایز لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە بە مافی کوردەکان بۆ لۆمەکردنی داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی لە ویلسۆنەوە تا باراک ئۆباما، وەک ئاستەنگی بەردەم یەکڕیزی و یەکپارەچەیی و گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بە هۆی پاڵپشتی نەکردن لە کوردەکان لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژوو، دەڵێ: لە پەنای هۆکارە دەرەوەییەکان، گەیشتن بە ئاواتی بەفەرمیناسرانی کوردەکان دەرەوەستی بە ناوخۆی کوردەکانەوە هەیە. یان باشترە بڵێین دروەستی بە نەبوونی سەرکردەیەکی گەورەوە بووە کە لە جیات دەستشتنەوە لە بەرژەوەندی تایفەیی و قۆستنەوەی دەرفەتەکان، زیانێکی کارەساتباری بە ئامانجی کوردەکان گەیاندووە.
هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە لە سەرەوەی ئەو تراژێدیایە وێنا کراوە کە تێیدا زۆربەی کوردەکان هیوایان بە سەرکردەیی مەلا مستەفا بووە و کەچی کاتێک ئەو دژی ڕکابەرانی ناو بزووتنەوەکەی بۆوە، میراتێکی لە هەڵەکاری لە خۆی بەجێ هێشت و بە خستنی برایم ئەحمەد لە پارتی دیموکرات بووە هۆی دووبەرەکی لە ناو کوردەکاندا و پاشان کە هێنری کسینجێر کۆتایی بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە کوردەکان لە ساڵی 1975دا هێنا، شۆڕشی کوردەکان لە کوردستانی عێراقدا شکستی هێنا و پاشان جەلال تاڵەبانی بە یارمەتی برایم ئەحمەد یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دامەزراند.
ڕکابەریی بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان بەرە لە دوای بەرە درێژەی بووە و زیانێکی قورسی بە بزووتنەوەی کوردی گەیاندووە و تەنانەت هەشت ساڵ پاش جەنایەتەکانی سەدام لە دژی کوردەکان و لەوان لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفال و کیمیابارانی حەڵەبجە، مەسعوود بارزانی پاڵی دا بە بەعسییەکانەوە بۆ تێکشکاندنی جەلال تاڵەبانی.
ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە میراتێکی سیاسی و بنەماڵەیی و مەسعوود، مەسرووری کوڕی خۆی کردۆتە جێنشین و ئەویش هەر لە ئێستاوە خەریکی بەجێنشین کردنی ئاریەنی کوڕیەتی. لەولاوە بافڵ و قوبادی کوڕی جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی یەکێتییان گرتۆتە دەست و ئەو حزبەیان کردۆتە شوێنی بارزگانی خێزانی خۆیان. بە چەشنێک کە ئەگەرچی کورتدەکان هێشتاش ڕێز لە سەرکردایەتی مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی دەگرن، بەڵام منداڵانیان ڕۆژ بە ڕۆژ لەو ئەدگارە دوور و دوورتر دەکەونەوە.
کێشەکە هەر بەوە کۆتایی نایە و دەبینین کە چۆن مەسروور لە دژی نێچروانی ئامۆزای تێدەکۆشی و بافڵ و قوبادیش لاهووری ئاماۆزاین خستۆتە پەراوێزەوە. تەنانەت هەوڵەکانی قوباد بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ نێچیروان بارزانی و بەدەستەوە گرتنی پۆستی جێگرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەسروور بارزانی، هەم لەچاو نایەت و هەمیش درەنگ وەخت بووە.
بەڵگەکان نیشان دەدەن کە چیتر ئەمریکا هیوایەکی بە کوردەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە و زۆرتر وەک منداڵانێک دەیانبینێ کە خەریکی شەڕ و مەراکەی یەکترن.
بەلام ئایا پارچەکانی تری کوردستانیش وەک تورکیا و سووریا بە هەمان شێوەن و نەیانتوانیوە ڕێبەرانێکی کارامە بار بهێنن؟ شەڕی ناوخۆی سووریا هەلێکی ڕەخساند بۆ دەرکەوتنی بەرەیەکی نوێی ڕێبەرانی کورد و لەمناوە مەزلووم کۆبانی بە تەنیای بەرپرسی تێکشکاندنی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی بارزانی بۆی دەرچوون و ئێزدی و کوردەکانیان دا بەدەم دەستدرێژی و بەکۆیلەکران و کەڵکئاوەژوویی لە لایەن داعشەوە. کەچی کوردەکانی سووریا بە فەرماندەیی مەزلووم کۆبانی هەمبەر بە داعش وەستان و سەرەڕای کەمایەسییەکان نەکشانەوە.
مەزلووم کۆبانی هەروەها لەو شەڕەدا سەلماندی کە بارزانی و تالەبانی لە ڕەوتی تێپەڕین لە شەڕی چەریکی و پێشمەرگایەتییەوە بۆ ژیانی ئاسوودەیی شکستیان هێناوە و ئەوان ئەگەرچی سەردەمانێک ڕەنگە پێشمەرگەگەلێکی گەورە بوون، بەڵام نەیانتوانی بەرپرسانێکی گەورەش بن. بەلام ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکوور و ڕۆژهەلاتی سووریا توانیویەتی هەم ئەرکی سەربازی و سیاسیی لێک جودا بکاتەوە و نەرمی بنوێنێت بۆ راپەراندنی فەلسەفەیەکی گەورە، بەبێ کەوتنە داوی تیۆرییەکانی ڕابردوو.
ئینجا تورک پێی خۆش بێت و پێی ناخۆش بێت، زۆربەی حەشیمەتی کورد لە تورکیادا دەژین و ئەوانیش عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە سەرکردەی خۆیان دەزانن و ڕەنگە ئەردۆغان لە داخی وەفقاداری کوردەکان بە ئۆجەلان، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی ئیتنیکییان لێ بکات، بەڵام هەنگاوەکانی ئەویش پشتڕاستکەرەوەی سەرۆکایەتی ئۆجەلانە، چونکە هەر کات ویستوویەتی پڕۆسەی ئاشتی بوورووژێنێت، دەستەوداوێنی ئۆجەلان بۆتەوە و زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بەندکرانی لە زیندانی ئیمرالی هیچی لە پێگە و گرنگیی ئەو کەم نەکردۆتەوە.
ئەوە بەو مانایە کە هەرچی ستایشی ئۆجەلان دەکرێت، شایستەی ئەوە. هەر چەند ئۆجەلانیش وەک مەلا مەستەفا سەردەمانێک لە دژی دوژمن و ڕکابەرەکانی بانگەشەی توندتیژی دەکرد و خۆی وەک کەسێکی بێجێگرەوە نیشان دەدا. بەڵام بەوەشەوە کتێبەکانی وەک دەقەکانی ئیدوارد سەعید بە لێشاو لە لایەن لایەنگرانییەوە پێشوازی لێ دەکرێت و هێندە تامەزرۆیانە دەخوێندرێنەوە کە کەس هەڵەکانی نابینێت.
کەچی ئەوەش گرنگ نییە. مرۆڤ دەتوانێ گۆڕانی بەسەردا بێت و ئۆجەلانیش هەر مرۆڤە. بزووتنەوەکەی بە پێڕەوکردنی ئەندێشەی مارکسییەوە دەست پێکرد. پاشان هەندێ هەڵوێستی کاپیتالیستی بۆ پێشکەوتەبوون وەرگرت. لایەنگری لە مافی ژنان، بەهادان بە ژینگەپارێزی و ڕەخساندنی ژیانێکی دیموکراتیک، نە تەنیا بۆ کوردەکان بەڵکوو بۆ هەموو دانیشتووانی ناوچە، بەشێکن لە هەنگاوە پێشەنگەکانی. ئەو ئێستا نەک بانگەشەی وڵاتێکی سەربەخۆ ناکات، بەڵکوو سازدانی کۆنفێدراسیۆن پێشنیار دەکات.
بەگشتی ئۆجەلان لە نێلسۆن ماندێلا دەچێت؛ تیرۆریستێکی دەمارگرژ لە لاوێتیدا و بیرمەند و فەیلەسووف لە بەسالاچووییدا. بۆیە کوردەکان لایان وایە کە ئەگەر ئەمریکا دەتوانێ بە ئاسانی ئەحمەد شەرعی کۆنە ئەلقاعیدە لە لیستی تیرۆر بسڕێتەوە، چونکە ناتوانێ کەسێک کە پەرە بە دیموکراسی دەدات، بە هەند وەرنەگرێت؟
ئەوەکە ئایا ئۆجەلان ەئو لێهاتووییەی لە دەست دێت یان نا، جارێ ڕوون نییە و تەنیا پەیام ناردنی لە زیندان بەس نییە بۆ وەلامی ئەو پرسیارە، بەڵکوو تاقیکاریی راستەقینەی کاتێک دەبێ کە ئازاد کرابێ و توانای ڕاپەڕاندنی ئەندێشەکانی خۆی هەبێت. بەوشەوە ئۆجەلان دوژمنانێکی زۆری هەیە؛ لە ئۆجەلانی پاڵپشتی تیرۆریستان و ڕەگەزپەرەست، تا ڕیبەرانی تایفەیی و گەندەڵی کوردی هەرێمی کوردستان.
Your Comment